سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، فەریق ئەوەل ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سوپای سوریا بەشدارییان لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی باڵادا کرد لە شانیشینی ئوردن، بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی سنوورەکان.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، یارەڵڵا لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە، کە تێیدا تاوتوێی لایەنەکانی هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی و دواین پێشهات و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا، جگه لە تاوتوێکردنی ڕێگەکان بۆ بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان لە پێناو خزمهتکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لیوا یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکاندا دێت، بۆ ڕەخساندنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش لە سێبەری گۆڕانکارییە خێراکان و ئاڵەنگارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشداربووان کۆمەڵێک دۆسیە و بابەتی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە "ئاسایشی ناوچەکە، پاراستنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە سنووربەزێنەکان، لەگەڵ گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان، هەروەها بەهێزکردنی ئامادەیی و تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو."