ژمارەیەک لە دانیشتوانی گەڕەکەکانی دارەتوو، ژین، بنەسڵاوە، شارەوانی و پێنجی حەسارۆک لە شاری هەولێر گلەیی لە پچڕانی کارەبای نیشتمانی دەکەن و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێرش ڕایدەگەیەنێت، تیمەکانیان سەرقاڵی چاکسازین و دۆخەکە بە زوویی ئاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئەیلولی 2026، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانەی هەولێر ئاماژەیان بەوە کرد، کێشەی پچڕانی کارەبای نیشتمانییان هەیە. لە بەرامبەردا، بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ڕاگەیاند، هیچ کێشەیەکی گەورە لە ئارادا نییە و تەنیا لە هەندێک وێستگەدا تیمەکان سەرقاڵی کاری چاکسازین و جەختی کردەوە، بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر دەکرێت و پێدانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی پاییز و کەمبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە هاوین، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکەن.
پڕۆژەی "ڕۆشنایی" کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوە، سەرجەم پارێزگاکەی گرتووەتەوە و ئامانجی حکومەت ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.