نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران لە شاری هەولێر بڵاو کردەوە.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا مەرج و وردەکارییەکانی ڕێککەوتننامە ئەمنییە هاوبەشەکەی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێ کران، بە تایبەتی لەسەر پرسی دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، ڕێگری لە قاچاغچێتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەراسەری عێراقدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانە کراوە کە لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەدا جێبەجێ کراون.
لیژنەی هاوبەش جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەماهەنگییەکان بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەبن بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراق بکات.
قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران گەیشتبووە شاری هەولێر.