ئەنجوومەنی فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان فەتوایەکی لەبارەی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان بۆ ڕەنگکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کارە ڕێگەپێنەدراوە و داهاتەکەی حەرامە.
لە فەتواکەدا هاتووە کە هەندێک جووتیار بۆ شاردنەوەی کوالێتیی خراپ و زیاتر بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان وەک تەماتە، شووتی، سێو و هەرمێ، ماددەی کیمیایی بەکاردەهێنن.
یەکێتیی زانایان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم شێوازە دەچێتە خانەی فێڵکردنەوە و زیانی تەندروستیش بۆ سەر هاوڵاتییان هەیە.
لەلای خۆیەوە، سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئاشکرای کرد کە هەندێک جووتیار هێندە دەرمان بە بەرهەمەکانیان دەدەن، بۆ نموونە تەماتە لە دەرەوە سوور و جوان دیارە کەچی لە ناوەوە هێشتا سەوزە، و ئەوەشی خستەڕوو کە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ لە عەلوەکاندا بێ پشکنین دەفرۆشرێت.