ئەمڕۆ 28ی تەممووزی 2026، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی وەزارەتی کرد بە مەبەستی دابینکردنی بەنزین، پێداچوونەوە بە نرخەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هەوڵەکان کرایەوە بۆ زیادکردنی پشکی هەرێم لە نەوتی خاو لەلایەن بەغداوە، کە لە ئێستادا ڕۆژانە تەنیا 50 هەزار بەرمیل دابین دەکرێت (واتە %39.46ی شایستەی ڕاستەقینەی هەرێم کە دەبێت ڕۆژانە 126 هەزار و 700 بەرمیل بێت).
لە کۆبوونەوەکەدا پێنج بڕیاری سەرەکی پەسەند کران:
جێبەجێکردنی تەواوی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی پشکی نەوتی خاوی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.
زیادکردنی بڕی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
توندکردنەوەی چاودێریی ڕۆژانە بەسەر بەنزینی بازرگانی (نۆرماڵ، محسن، سوپەر) لە ڕووی کوالێتی و گونجاندنی لەگەڵ واقعی بازاڕ.
چالاککردنی کاری لیژنەکانی بەدواداچوونی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان بۆ پاراستنی کوالێتیی سووتەمەنی.
پێشکەشکردنی ئاسانکاریی تەواو بۆ هاوردەکردنی بەنزین و ماددە کیمیاییەکان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.