وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، پرۆسەی دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبا بە ڕێژەی داشکاندنی 25% بۆ 50% لە 3ـی ئابەوە تاوەکو 10ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم بڕیارە دوایین دەرفەتە بۆ هاوبەشانی کارەبا.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، هاوبەشانی کارەبا لە ڕۆژی یەکشەممە 3ـی ئاب تاوەکو 10ـی ئەیلوولی 2025 دەتوانن قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی بە بەخشین و داشکاندنی دیاریکراو بدەنەوە.
ڕێژەی داشکاندنەکان بەپێی جۆری هاوبەشان:
هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی: 50%ـی قەرزەکانیان بۆ خۆش دەبێت.
هاوبەشانی بازرگانی، پیشەسازی و میری: 25%ـی قەرزەکانیان بۆ خۆش دەبێت.
وەزارەتی کارەبا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنە، پێویستە هاوبەشان تەواوی بڕی قەرزەکە بەیەکجار بدەنەوە.
لەبارەی شێوازی پارەدانەکەوە، وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە کە دانەوەی قەرزەکان تەنیا لە ڕێگەی ئی-پسوولە (E-psula) و هۆبەکانی فرۆشتنی وزە دەبێت، جەختیش دەکاتەوە کە پارەدان لە ڕێگەی کۆکەرەوەکانی پسوولەی کارەباوە (جەبایە) ئەم داشکاندنە نایگرێتەوە.
هاوکات وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ ئەوەی تووشی گرفتی بڕینی خزمەتگوزاریی کارەبا نەبن، قەرزەکانی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی پێش 30ـی تەمموز بدەنەوە.