پاش دوو ساڵ لە هەڵپەساردنی کارەکانیان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بایکۆتی شکاند و بە فەرمی گەڕایەوە ناو ئەنجومەنەکە. ئەندامێکی فراکسیۆنەکەش ڕایدەگەیێنێت، بڕیارەکە بۆ خزمەتکردنی زیاتری سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکەیە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، شۆخان حەسیب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند، گەڕانەوەیان بۆ ئەنجومەنەکە وەڵامێکە بۆ داواکاریی جەماوەر و لایەنە سیاسییەکان.
فراکسیۆنی پارتی ئامانجی سەرەکیی گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەگەڕێنێتەوە بۆ چاودێریکردن و خزمەتکردنی زیاتری سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە بێ جیاوازی، و چالاککردنەوەی ڕۆڵی خۆیان لە پەرەپێدانی دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکەدا.
جێی باسە، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ماوەی دوو ساڵ بوو بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکەی نەکردبوو، بەڵام بەم هەنگاوە نوێیە، دیسانەوە دەست بە کارە فەرمییەکانی خۆیان لەناو ئەنجومەنەکەدا دەکەنەوە.