دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو پەلامارە درۆنییەی کرد کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، لە کاتژمێر 00:28دا، لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام کرابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئامانجگرتنی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکان پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و بنەماکانی مافی مرۆڤە.
سەرەڕای ئەوەی هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام دەستەکە داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هەڵوێستی ڕوون و جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە و پاراستنی سەروەریی خاک و ئارامیی ناوچەکە.