ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەدەچێت و دواکەوتنی زیاتر لەمە، زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
ئاری هەرسین بە ڕووداوی ڕاگەیاند کە بڕیاری بەستنی کۆبوونەوەی لوتکە هەیە و ئەمەش هەواڵێکی خۆشە بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری هەردوولا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕزگاربوون لە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستا.
سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزبەکە، بەرپرسی لقی چواری پارتی گوتی: "ئەگەر هەفتەی ڕابردوو مەودای بەینی ئێمە و یەکێتی چوار کیلومەتر بووبێت، ئێستا بووەتە دوو کیلومەتر." جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکان بەرەو باشی دەچن و کۆبوونەوەی لوتکە ئەنجام دەدرێت.