سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی سەر بۆرییەکانی نەوتی لە سعودیە سەرکۆنە کرد، پشتیوانیی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتی عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە کە نابێت خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوپشتیی تەواو لەگەڵ شانشینی عەرەبیی سعودیە، ئاماژەی بەوە دا کە پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەن کە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانە و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانیان دەیگرێتەبەر.
هەروەها جەخت کرایەوە کە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، دراوسێیەتیی باش و پەنابردنە بەر دیالۆگ، گونجاوترین رێگەن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شهوی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندبوو بۆریی نەوتی ستراتیژیی (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا) لە ریاز و مەدینە لەڕێگەی درۆنەوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، کراونەتە ئامانج، و لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ریاز بڕیاری داوە لەم قۆناخەدا وەڵامی سەربازی نەداتەوە تاوەکو دەرفەت بدرێتە بەغدا رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.