سەرەڕای بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەزاندنی نرخەکان، قەیرانی کەمیی بەنزین لە زۆربەی بەنزینخانەکانی شاری هەولێر بەردەوامیی هەیە و بووەتە هۆی دروستبوونی ڕیزێکی درێژی ئۆتۆمبێل لە بەردەم ئەو بەنزینخانانەی، کە بەشێوەیەکی سنووردار کار دەکەن.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ بازرگانانی بەنزین ئەنجام دراوە و جەختی کردەوە، کێشەکە لە زووترین کاتدا چارەسەر دەکرێت. گوتبەێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بەنزینخانەکان قازانجەکانیان کەم بکەنەوە و بەرژەوەندی و ئاسوودەییی هاووڵاتییان بکەنە پێشینەی کارەکانیان.
شۆفێرانی هەولێر نیگەرانن لە پەککەوتنی کارووباری ڕۆژانەیان و بەفیڕۆچوونی کاتژمێرێکی زۆر لە سەرەی بەنزین، بەتایبەت دوای ئەوەی نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر گەشتبووە 2000 دینار، موحەسەن 1750 دینار و نۆرمال زیاتر لە 1300 دینار پیش بەکارخستنی بڕیارە نوێیەکە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی بەنزینی نۆرمالی بازرگانی بۆ 850 دینار کەم کراوەتەوە و بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومیش بە 750 دینار دابەش دەکرێت.
کەمال ساڵح محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە لە گرتنەبەری ڕێکاری یاساییی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕێگە بە هاوردەکردنی سوتەمەنی درا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکانی دابینکردنی سووتەمەنی.