ئەمڕۆ کاتژمێر 1:20ی پاشنیوەڕۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی مووشەکییەوە بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە دۆڵی ئاڵانە کردە ئامانج.
ئەمجەد حوسێن پەنایی بە نووچە تیڤی ڕایگەیاند، سەرەڕای توندیی هێرشەکە، بەهۆی ئامادەباشیی پێشوەختە و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن، هێزەکانی کۆمەڵە توانیویانە خۆیان بپارێزن و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە بوونی قوربانی یان زیانی مرۆیی ڕانەگەیەندراوە.
ئەمجەد حوسێن پەنا بە نووچە تیڤی گوت: "دوای ئەوەی لە کاتژمێر 1:20 هێرشی موشەکیان کراوەتە سەر، لە کاتژمێر 1:40 و 20 خولەک دواتر جارێکی تر لە ڕێگەی موشەکەوە دووبارە هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانیان".
ئەم ڕووداوە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکانی ئێرانە بۆ سەر بنکە و بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمەڵە، لە دەستپێکی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکاوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی مەقەڕ و کمپەکانی کۆمەڵە کراون، زیاتر لە 102 مووشەک و درۆنی انحاری و بێفڕۆکەی تێپەڕاندووە.