دوابەدوای بەشداریکردنیان لە 24ـەمین پاڵەوانێتی کاراتی ئاسیا لە وڵاتی ئوردن، تیپی کاراتی خورماڵ دوای بەدەستهێنانی دوو مەدالیای ڕەنگاواڕەنگ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
تیپی کاراتی خورماڵ بە حەوت یاریزان بەشدارییان لە ڕکابەرییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیا لە وڵاتی ئوردن کردبوو. لە ئەنجامدا تیپەکە توانی دوو مەدالیای زیو و برۆنز تۆمار بکات. لەکاتی گەڕانەوەشیاندا بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن کەسوکار و وەرزشدۆستانی ناوچەکەوە بە گوڵ و شیرینی پێشوازییەکی شایستەیان لێکرا.
لە پاڵەوانێتییەکەدا، یاریزانان لەنیا ئومێد و یوسف هادی بە ڕاهێنەرایەتیی شێنێ زاهیر ئاستێکی بەرزیان نیشاندا و ناو و ئاڵای ناوچەکەیان بەرز کردەوە.
سەرڕای ئەم دەستکەوتە، یەکێک لە یاریزانانی تیپەکە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرڕای ئەوەی نوێنەرایەتی فەرمیی هەرێمی کوردستان و عێراقیان لە سەکۆ ئاسیاییەکەدا کردووە، بەڵام گەشتەکەیان تەنها لەسەر خەرجیی تایبەتیی خۆیان بووە و هیچ لایەنێکی وەرزشی یان حکومی هاوکاری و پشتیوانی دارایی نەکردوون.