سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیاردەی توندوتیژیی دژی ژنان بەردەوامە و ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی دیاردەکە دەردەخەن.
بەپێی لێدوانێکی ڕاز فریا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی کۆی 1600دۆسیەی توندوتیژی تۆمارکراون. لەو ژمارەیەش، 950 دۆسیەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ توندوتیژیی دژی ژنان بوون.
لەبارەی ڕێگرییەکانی بەردەم کەیسە یاساییەکان، ڕێزان شێخ دلێر پارێزەر ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا نۆرم و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و ترسی جەماوەری بەربەستی سەرەکین لەوەی ژنانی قوربانی پەنا بۆ ڕێکارە یاساییەکان ببەن و دادپەروەری بەدەستبهێنن.
لە هەمان چوارچێوەدا، گەشە دارا حەفید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادبوون، جەختی لەسەر ئەرکی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، یاسایی و پەروەردەیی کردەوە تاوەکو هوشیاریی زیاتر سەبارەت بە مافەکانی ژنان بڵاوبکەنەوە و ڕێگە لە هەڵکشانی زیاتری ئەم دۆسیانە بگرن.