مەجلیسی ژنانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە ناوچەی چل ئاغای ڕۆژاوای کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا گرنگیی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتییان خستە ڕوو، هاوکات جەختییان لەسەر پێویستیی پاراستنی پێگەی ژنان و هێزەکانی یەپەژە لە ئایندەی سوریادا کردەوە.
مەجلیسی ژنانی پەیەدە ڕایگەیاند، لەسایەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی، ڕێگری لە بەردەوامیی هێرش و پێکدادانەکان کراوە و کۆتایی بە گرژییە سەربازییەکان هێنراوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم ڕێککەوتنە زەمینەیەکی گونجاوی ڕەخساندووە و قۆناغێکی نوێی بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی نیشتمانی و بنیادنانی ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە.
حورییە شەمدین، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی مەجلیسی ژنانی پەیەدە، ئاماژەی بە مەترسییەکانی قۆناغەکە کرد و ڕایگەیاند: "حکومەتی کاتیی سوریا دەیەوێت لەڕێگەی سەپاندنی شەڕی تایبەتەوە پێگە، دەستکەوت و ڕۆڵی پێشەنگایەتیی ژنان لاواز بکات".
شەمدین جەختی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەوڵانە، پێویستە ژنان بە شێوەیەکی کارا و ڕاستەقینە لە تەواوی پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکان و داڕشتنەوەی پێکهاتە نوێیەکاندا بەشدار بن.
شەمدین داوایەکی ڕوونی ئاڕاستەی لایەنەکان کرد و گوتی: "دەبێت یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک هێزێکی فەرمی و سەربەخۆ لەناو وەزارەتی پاراستنی سوریای داهاتوودا دانی پێدابنرێت". لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە، کە مسۆگەرکردنی پێگەی یاسایی و سەربازیی یەپەژە، بە واتای مسۆگەرکردنی بوون، ناسنامە و مافەکانی ژنانە لە تەواوی سوریادا.