یەکێتى ژنانی کورد لە سویسرا -یەژەکە-س و بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا -تەژەکە-ئێ لە ٤ـى نیسان کۆنفرانسی ئاشتیی نێودەوڵەتی ژنان لە شاری زیوریخی سویسرا بە دروشمی "بێ ئێمە ئاشتی نییە" ساز دەکەن.
لە کۆنفرانسەکەدا باس لە ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و ئەزموونەکانی دانوستان و نوێنەرایەتی یەکسان و ئازادیی کۆمەڵ و بنەمای بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی دەکرێت لەوبارەوە لیژنەی ئامادەکار بڵاویکردەوە، کە نزیکەی ١٤٠ نوێنەر لە چوار پارچەی کوردستان و زۆر وڵاتەوە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
دەشڵێن، لە کۆنفرانسەکەدا ئەندامی شاندی دەم پارتى ئیمڕاڵى و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان، سیناتۆری پێشووی کۆڵۆمبیا و دانوستانکاری ئاشتی ڤیکتۆریا ساندینۆ و کیزکیتزا گیل دی سان ڤینسێنتی زیندانی سیاسی پێشووی وڵاتی باسک ئامادە دەبن.
دیارە تاشدەمیر ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆنفرانس و سیاسەتمەداری کورد ڕایگەیاندووە: کۆنفرانسەکە نەک تەنها ڕێگایەک دەبێت بۆ هاوبەشکردنی ئەزموونەکان، بەڵکو بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی پاراستنی ئاشتیش گرنگ دەبێت، چونکە بەبێ ژن ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام نابێت.