توندوتیژی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە سووریا بەبێ وەستان بەردەوامە. ڕێکخراوە مافپەروەرییەکان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی ئامارەکانی کوشتن و نەبوونی پاراستنی یاسایی و ئەمنی بۆ توێژە بێدەسەڵاتەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتی نیوەی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان و منداڵان لە سوریا ڕاپۆرتێکی فەرمی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە (٢٠٢٦) تا کۆتایی مانگی حوزەیران، ٢٧٦ حاڵەتی کوشتنی ژنان و منداڵان لە سووریا تۆمار کراوە، کە ٩٢ کەسیان لە ڕەگەزی مێ (ژن) بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوون و بەڵگەنامەکانی ئەم ڕێکخراوە، مانگی کانوونی دووەمی سەرەتای ئەمساڵ بە خوێناویترین و سەختترین مانگ بۆ ژنان و منداڵان دەستنیشان کراوە، کە تێیدا دەیان کەس لەو دوو توێژە بەهۆی کردەوە جیاوازەکانی توندوتیژی، بۆردومان یان ململانێ ناوخۆییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای دابینکردنی ناوچەی ئارام و پاراستنی ژیانی مەدەنییەکانیان لە سوریا کردووە، بەڵام ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازی ڕێگر بووە لە ڕاگرتنی ئەم خوێنڕشتنە.