لەنێو چالاکییەکانی 83یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس لە ئیتالیا، یەکەم نماییشی جیهانی بۆ فیلمی "ئەگەر ژنێک بتکوژێت بەهەشت نابینیت" (لن ترى الجنة إن قتلتك امرأة)، کە نوێترین بەرهەمی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفایە، بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ی تەممووزی 2026)، فێستیڤاڵی ڤینیس"کە کۆنترین فێستیڤاڵی سینەماییە لە جیهاندا"لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لیستی ئەو فیلمەنەی ڕاگەیاند کە لە خولی ئەمساڵدا بەشدارن.
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت "زۆر دڵخۆشم بەوەی یەکەم نماییشی جیهانیی فیلمە نوێیەکەم لە فێستیڤاڵی ڤینیس دەبێت. ئەم فیلمە ئازایەتی و خۆڕاگریی ژنی کورد نیشانی جیهان دەدات."
چیرۆکی فیلمەکە
فیلمی "ئەگەر ژنێک بتکوژێت بەهەشت نابینیت" بەسەرهاتی کچە قەناس بەدەستێکی پیشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە بە نھێنی دەکەوێتە ناو ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعشەوە بە مەبەستی ڕزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، ڕەنگدانەوەی وێنەی ژنە پێشمەرگە کە ڕەتیدەکاتەوە لە بەردەم تاریكیدا چۆک دابدا.
دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا لە کاتی ئامادەکردنی دەقی فیلمەکەدا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنە پیشمەرگە ئەنجامداوە کە لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش بەشدار بوون.
هەڵکەوت مستەفا خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لە وڵاتی نەرویج دەژی.
پێشتر بە فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ" لە ساڵی 2016دا ناوبانگێکی گەورەی بەدەستهێنا کە لە زیاتر لە 56 وڵات نماییش کرا.
دواکاریشی بەڵگە فیلمی"شاردنەوەی سەددام حسین" بوو کە بووە پربینەرترین بەڵگەفیلم لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا.
بڕیارە 83یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس لە نێوان 2 بۆ 12ی ئەیلوولی 2026 لە شاری ڤینیسی ئیتالیا بەڕێوە بچێت.