ڕاستەوخۆ

سوریا و تورکیا لەسەر کردنەوەی دەروازەی قامیشلۆ- نوسەیبین لە سەرەتای ساڵی2027 ڕێککەوتن

reset font size increase font size

حکومەتی کاتی سوریا ڕایگەیاند کە لەگەڵ لایەنی تورکیادا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوسەیبین - قامیشلۆ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧دا، ئەوەش بە ئامانجی بوژاندنەوەی جووڵەی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی سەرنشین و کەلوپەل لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

کوتەیبە ئەحمەد بێدەوی، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سوریا، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆکانیاندا سەرنجیان خستووەتە سەر پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و ڕێکارەکانی گومرگ.

بێدەوی ئاماژەی بەوە دا کە سەردانەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئاسانکاریکردن بۆ ڕێڕەوی ترانزێت، هەماهەنگیی گومرگی، ناوچە ئازادەکان، گواستنەوەی دەریایی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان.

یەکەم پەڕینەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧ دەست پێدەکات

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕەکان، بێدەوی ڕایگەیاند: "گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی قامیشلۆ - نوسەیبین لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧دا؛

کە شاری نوسەیبین لە پارێزگای ماردین بە شاری قامیشلۆ لە پارێزگای حەسەکە دەبەستێتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە چالاکیی بازرگانی زیاد بکات و ئاسانکاریی گەورە بۆ هاتوچۆی سەرنشین و گواستنەوەی بار لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بکات."

خاڵی تێپەڕینی دەروازەی سنووریی نوسەیبین و شاری قامیشلۆ ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە بەڕووی چالاکییە بازرگانییەکان و هاتوچۆی سەرنشینان داخرابوو، و بڕیارە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە لۆجستییەکان دووبارە بخرێتەوە کار.

پڕۆژەی "بەندەری وشک" بۆ ئیدلب

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی سوریا ئاشکرای کرد کە لە کاتی کۆبوونەوەکاندا پڕۆژەی دروستکردنی ناوچەی ئازاد و "بەندەری وشک" لە پارێزگای ئیدلب خراوەتە بەردەم لایەنی تورکی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیەدا هەڵسەنگێندراون.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.