ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە زانیارییە خەمڵێندراوەکانی ناوەندەکانی بەدواداچوونی گەشەی کەشتیوانی (Kpler) و لێدوانی سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کردووە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەستی کردووە بە هاوردەکردنی نەوتی ڕەشی بەرهەمهێنراوی عێراق کە لە ڕێگەی ئەرزی سوریا و بەندەری بانیاسەوە ڕەوانە دەکرێت.
ئەم ڕێڕەوە بەدیلەی هەناردەکردن لەکاتێکدایە کە ڕێڕەوی بازرگانیی کەنداو و گەرووی هورمز بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئێرانەوە ماوەی چەند مانگێکە لەکارکەوتووە، کە پێشتر شادەماری هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە بوو.
بەگوێرەی ئامارەکان، سەرجەم ئەو نەوتە ڕەشەی عێراق لە ڕێگەی ڕۆژانە نێردراوی ٩٠٠ تەنکەرەوە لە سنوور پەڕێندراوەتەوە بۆ سەر دەریای سپیی ناوەڕاست و لە بەندەری بانیاسی سوریا لە سێ کەشتی بارکراون:
1. کەشتیی On Passion: لە ١٧ی حوزەیراندا بەبڕی ٧١٦,٦٠٠ بەرمیل نەوتی ڕەش لە بەندەری بانیاسەوە بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتووە؛ بەشێکی بارەکەی لە باهاماس بەتاڵکراوەتەوە و بڕەکەی دیکەشی کۆتایی ئەم مانگە دەگاتە تێکساس.
2. کەشتیی Nissos Christina: لە ٨ی تەممووز بە بڕی ٢٨٨,٥٠٠ بەرمیل بەرەو کەنداوی ئەمریکا بەڕێکەوتووە و سەرەتای مانگی ئاب دەگات.
3. کەشتیی Green Warrior: لە ناوەڕاستی تەممووزدا نێزیکەی ٤١٤,٤٠٠ بەرمیلی لێ بارکراوە و هەفتەی سێیەمی مانگی ئاب دەگاتە ئەمریکا.
هەوڵەکانی عێراق بۆ هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردە
ئەندازیارێک لە بەندەری بانیاس بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "سوریا خۆی ماوەی چەندین ساڵە هیچ جۆرە نەوتێک هەناردە ناکات. تەواوی ئەو بارانەی لە بانیاسەوە دەرچوون، نەوتی ڕەشی بەرهەمهێنراوی عێراقن."
جگە لە ئەمریکا، نەوتی ڕەشی عێراق لە ڕێگەی بانیاسەوە ڕەوانەی هەریەکە لە ئیسپانیا و مصریش کراوە.
هەروەها بەرپرسانی عێراقی و سوری ئاماژەیان بەوە داوە کە بەغدا بەنیازە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی ڕێڕەوی سوریا، تەنانەت ئەگەر ئاساییکردنەوەش بۆ هاتووچۆی گەرووی هورمز بگەڕێتەوە، تاوەکو پشت بە تەنیا یەک ڕێڕەوی ئاوی نەبەستێت.