لە وەڵامی هەڕەشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، وتەبێژێکی حکومەتی بریتانیا ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریپێکردن لە بریتانیا بەرامبەر بە هەر جۆرە هێرشێک، چ لە ناوخۆی خاکی بریتانیا یان لە دەرەوەی وڵات.
ئەم لێدوانەی بریتانیا دوای ئەوە هات کە سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دا لە بەکارهێنانی پایەگاکانی بریتانیا لەلایەن بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکانەوە.
وتەبێژی حکومەتی بریتانیا گوتی: "هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ پاراستنی شانشینی یەکگرتووی بریتانیا لە هەڕەشە و هێرشەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. بریتانیا بە شێوەیەکی بەردەوام لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرگری لە خۆی."
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو وتەبێژە ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ئامادەیییە پشتبەستووە بە سیستەمێکی بەرگریی فرەچینی پێشکەوتوو دژی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان، کە لە ڕێگەی هێزە دەریاییەکان، سوپا و هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیاوە لەگەڵ هاوئاهەنگیی نزیکی هاوپەیمانانی ناتۆ بەڕێوە دەچێت.
شایەنی باسە، پێشتر لە مانگی ئازاردا، بنکەی سەربازیی ئاکرۆتیری بریتانیا لە قوبرس کەوتە بەر هێرشی درۆنەکانی ئێران.
ئەو هێرشە دوای ئەوە هات کە کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی ڕەزامەندیی داوە لەسەر داواکاریی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بریتانیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی "بەرگری."