تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوڵاتییان و چالاکوانانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەلوجستان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هاوکات پەرلەمانی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکە بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێرشی چەکداری بۆ سەر ماڵی دوو چالاکی یارسان (موجتەبا و مەیسەم وەیسی) لە داڵاهۆ و تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی وێنەگر مەهدی تەوکولی لە ڕێگەی مەریوان - سنە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خۆی و دایک و خوشکێکی، گیانلەدەستدانی زیاتر لە 90 هاوڵاتی بەلوج لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، نیگەرانیی بەرفراوانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران قوربانییەکان بە کەسی چەکدار و سەر بە ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکەن، ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش ڕەتی دەکەنەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، پڕۆژەیاسا نوێیەکە بەپێچەوانەی یاسای پێشووە، کە هێزەکانی ناچار دەکرد یەکەمجار تەقەی ئاسمانی بکەن یان قاچی تۆمەتبار بپێکن، بەڵام ئەم یاسایە بەهۆی بوونی مادەی ناڕوون و گشتگیر، ڕێگە بە دەزگا ئەمنییەکان دەدات پێشوەختە چالاکوانان و مەدەنییەکان وەک دوژمن ببینن و بێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی ڕووبەڕوویان ببنەوە.