لە درێژەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆندا، سەرۆککۆماری ئێران جەخت دەکاتەوە کە گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا هیچ کات نەبنە هۆی تەسلیمبوونی وڵاتەکەی، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکان و ڕێگریکردن لە چەکی ئەتۆمی، بەردەوام دەبن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «ئیندیا تودی» ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ڕێگەی ملمڵانێی سەربازییەوە نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات و بۆیە پەنای بۆ گەمارۆی دەریایی بردووە، بەڵام جەختی کردەوە که ژیانی هاووڵاتییانی ئێران تەنیا بە دەریاوە گرێ نەدراوە و واشنتۆن ناتوانێت بەو ڕێگەیە تاران ناچار بە پاشەکشە بکات.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش دا کە کردنەوەی ڕێڕەوی گەرووی هورمز مەرجی هەیە و تەنیا لە حاڵەتێکدا دەبێت کە ئەمریکا گەمارۆ و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بوەستێنێت.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکدا بە بۆنەی یادی 11ی سێپتەمبەردا، جەختی لەوە کردەوە که وڵاتەکەی دڵنیایی دەدات کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی واشنتۆن ئەوەیە کە ئەم جەنگە بە سەرکەوتن کۆتایی پێ بهێنێت و تا ئەو کاتەی نەگەینە ئامانجەکانمان، کۆتایی پێ ناهێنین.