فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، و کەشتیی جەنگی، هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر دەیان ئامانجی سەربازیی لە ئێران
ئامانجە پێکهاتوون لە بنکەکانی چاودێریی کەناراوەکان، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، ژێرخانی لۆجستیی سەربازی و توانا دەریاییەکانی ئێران
هاوکات، واشنتن لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە چەندین پردی سەرەکیی ناوخۆی ئێرانی بۆردومان کردووە. ئەمەش بەشێکە لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ لێدانی ژێرخانی ئێران تاوەکو تاران ناچار بکات کۆنتڕۆڵی بەسەر گەرووی هورمزدا نەمێنێت
لە بەرامبەردا، هێزەکانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی نوێی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر وڵاتانی بەحرێن، کوەیت و قەتەر و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، هێرشەکانی ئەوانیش توندتر دەبن
هاوکات لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ گەلی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە شەڕەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و گوتی: «ئێمە لە ئێرانیشدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێنین، و بەم زووانە بەرهەمی ئەم هەوڵانە دەبینن»