وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ واشنتۆن هێرشێکی دارایی بەرفراوان و بێوێنە دژ بە ئێران دەستپێدەکات بە ئامانجی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی تاران و توندترین ئابڵووقەی ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم سزایانە، بڕینی شادەماری ئابووری و لاوازکردنی پێگەی دارایی ئێرانە، و هۆشداریشی دا کە هەر وڵاتێک هێڵی ژیانی دارایی بۆ ئێران دابین بکات یان ئاسانکاری بۆ ڕۆیشتنی پارە بۆ تاران بکات، دەبێت لێکەوتەکانی لەبەرچاو بگرێت و دەبێتە قوربانیی ئەو ئابڵووقە ئابوورییانە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئەوەشی خستەڕوو کە دۆناڵد ترەمپ داوای لە هاوپەیمانان و وڵاتانی جیهان کردووە مامەڵە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن، و واشنتۆن تەواوی هێزی خۆی بۆ گۆشەگیرکردنی هەر لایەنێک بەکاردەهێنێت کە پابەند نەبێت بە سزاکانی سەر ئێرانەوە.
لە بەرامبەردا، لایەنی ئێرانی توند سەرکۆنەی ئەو هەنگاوانەی واشنتۆنی کردووە و بەڵێنی داوە وەڵامی توندی ئەو وڵاتانە بداتەوە کە بەشداری لەم گۆشەگیرکردنە ئابوورییەدا دەکەن.