بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاند کە لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە، بەتایبەت قەتەر، مەرجەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سەربازی و کردنەوەی گەرووی هورمز گەیەندراوەتە واشنتن، کە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران داخراوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری وڵاتەکە لە گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە لێدوانێکدا لە 20ی ئەیلولی 2026دا جەختی کردەوە، تاوەکو ئەمریکا مەرجەکان و پابەندییەکانی جێبەجێ نەکات، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشتر و کردنەوەی گەرووی هورمز مەحاڵە. هاوکات موحسین ڕەزایی، بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئاشکرای کرد کە مەرجەکانی ئێران بریتین لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، لادانی ئابڵۆقە لەسەر دارایییە سڕکراوەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، ئاماژەی بەوەش کرد، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، وەک نێوەندگیر سەردانی تاران دەکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەدا، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای ئێران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، هەر هەڵەیەک لە لایەن واشنتنەوە ببێتە هۆی ئەوەی سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەونە بەر هێرشی بەردەوام و بەئازار بەبێ هیچ سنووردارکردنێک.