مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی حکومی و کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی لە 20ی ئەیلولی 2026دا ڕایگەیاند، سەرەڕای قەرزە کۆنەکان، سنوورداریی هەناردەی نەوت بەهۆی گەمارۆ تووندەکانی ئەمریکا و تێچووەکانی جەنگ، حکومەتەکەی هاوسەنگیی دارایی ڕاگرتووە و ڕێگەی نەداوە وڵات پەکی بکەوێت یان پڕۆژە ستراتیژییەکان بوەستن.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی وزەدا لە ڕێگەی کەمکردنەوەی 5%ی بەکارهێنانی کارەبا و ڕاگرتنی ڕەوتی بەرزبوونەوەی بەکاربردنی بەنزین بەبێ دروستکردنی کێشە بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان. هەروەها جەختی لەسەر کاراکردنی کەرتی دیپلۆماسی، بە کراوەیی هێشتنەوەی سنوورەکان بۆ هاوردەکردنی دەرمان و بەردەوامیی کاری کارگەکان کردەوە و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکان بۆ زیادکردنی بڕی کۆبۆنی خۆراک (کالابەرگ) بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی و کەمکردنەوەی بێکاری.
محەممەد جەعفەر قایمپەنا، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری جێبەجێکردن، ڕاپۆرتێکی لەسەر زیانەکانی جەنگی ئەم دواییەی ناوچەکە لەسەر کەرتە جیاوازەکان و پلانی قەرەبووکردنەوەیان پێشکەش کرد، هاوکات موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، داوای کۆکردنەوەی سەرجەم تواناکانی وڵاتی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکان و حکومەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکاندا.