مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، تاران پشتگیری لە بانگەوازەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلاماباد و چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە.
پزشکیان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بەو بەڵێن و ڕێککەوتنانەی ئێستا هەن و ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی "کردەیی و ناوەڕۆکدار" کردەوە.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە هاوڕایی نێوان تاران و پەکین کرد سەبارەت بە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.