ڕۆژنامەی کەیهانی ئێرانی داوا لە سوپا و سوپای پاسداران دەکات، کێبڵەکانی ئینتەرنێت لەژێر ئاوی کەنداو و گەرووی هۆرمز کە بەشێکی سەرەکی لە پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکانی جیهانن ببڕدرێن، ئەم هەنگاوەش وەک ئامرازێکی گوشار بۆ سەر ئەمریکا دەبینن.
حسێن شەریعەتمەداری، بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کەیهان کە سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا پێشنیازی بڕینی تەواوی کێبڵەکانی ئینتەرنێت دەکات لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداو و گەرووی هورمزدا وەک ئامرازێکی گوشار لە دژی ئەمریکا.
بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کەیهان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە قووڵایی ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزدا، یەکێک لە شاڕێگا سەرەکییەکانی کێبڵەکانی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتیی هەیە، کە بە بڕبڕەی پشتی ئەنتەرنێتی جیهانی ناودەبرێت.
بەگوتەی شەریعەتمەداری، بڕینی ئەم ژێرخانانە وەڵامێکی یاساییە بۆ تاوانەکانی دوژمن.