ڕاستەوخۆ

لەسەر گفتوگۆکانی نیویۆرک؛ دووبەرەکی و قەیرانی بڕیاردان لەناو بەرپرسانی ئێراندا قوڵتر دەبێتەوە

reset font size increase font size

لە کاتێکدا هێشتا شاندی دیپلۆماسیی ئێران لە نیویۆرک نەگەڕاونەتەوە، درز و دووبەرەکییەکی گەورە لە نێوان بەرپرسانی باڵای تاران لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان و دەستپێکردنەوەی ئەگەری دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا دروستبووە؛ بەشێک لە پەرلەمانتارانیش داوای لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوە دەکەن.

بابەتی نەبوونی ناوەندێکی یەکلاکرەوەی بڕیاردان لە ئێران، جارێکی تر هاتووەتە پێشەوە. ئەمە لە کاتێکدا دەرکەوت کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز) ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕی، بەڵام لە بەرامبەردا ئیبراهیم ڕەزایی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پەرلەمانی ئێران، نەک هەر پێداگری لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ هەر ئاستێک کرد، بەڵکو باسی لە گۆڕینی ستراتیژی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کرد، کە وەک هۆشدارییەک بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لێکدراوەتەوە.

بۆشایی دەسەڵات و دووبەرەکیی ناوخۆیی کاتێک زەقتر بووەوە کە میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر شاندی وڵاتەکەیان لە نیویۆرک و ڕایانگەیاند کە ئەوان هیچ ئاگادارییەکیان لەو گفتوگۆیانە نییە کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بەڕێوەچوون.

لە هەنگاوێکی تردا، پەرلەمانتارێکی ئێرانی ڕەخنەی توندی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە «بە بڕیاری خۆی» بەشداریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردووە، بەو هۆیەوەش داوا دەکات پاش گەڕانەوەی بۆ تاران، ڕوونکردنەوەی تەواو لە پەرلەمان بدات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

چاودێران پێیان وایە کۆی ئەم پەرەسەندن و دووبەرەکییانە نیشانەی قەیرانێکی جدیی بڕیاردانە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا، و دەریدەخەن کە ئەو وڵاتە چیدیکە مەرجע و سەنتەرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بڕیاری ستراتیژی نییە، و ئەم ڕەوشەش ئاسۆی هەر ڕێککەوتن یان لێکتێگەیشتنێکی درێژخایەنی خستووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.