سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنی دانوستانەکان، ڕاشیگەیاند، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوازێکی عاقڵانە و ژیرانە داڕێژراوە و ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنەکانی لەسەرە.
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «ئێکس» بڵاوی کردەوە، ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێتە چەق و بنەمای سەرەکیی پەیوەندییەکان لە داهاتوودا. جەختیشی کردەوە، بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە، ئاسایشی ئێران، ناوچەکە و هاوپەیمانەکانیان بەدی دێت و دەپارێزرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەشی خستە ڕوو، بەردەوامی و جێبەجێبوونی ئەم ڕێککەوتنە بەندە بە ئاستی پابەندبوونی «دوژمن» بەو بەڵێنانەی واژووی لەسەر کردوون.
ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بە گوێرەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە، شەڕ بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە ناوچەکەدا دەوەستێت و ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجام دەدرێت.