سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی ئاڵۆزییە دەریاییەکانی دایەوە و ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی دەستوەردان و هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەردەوام بن، گەرووەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
سوپای پاسداران جەختی کردەوە، هێزە دەریاییەکانیان کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەیان لەدەستدایە و ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی بیانی نادەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ڕووداوێکی دەریایی شەوی ڕابردوو کراوە و هاتووە، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر بە هاندانی فڕۆکەکانی ئەمریکا هەوڵیان داوە لە ڕێڕەوێکی نائارام لە باشووری گەرووی هورمز تێپەڕن، بەڵام دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە یەکێکیان، هەردوو کەشتییەکە ناچار بوون بە خێرایی بگەڕێنەوە.
سوپای پاسداران هۆشداریی توندی داوەتە ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی هاوکاریی ئەوان دەکەن و ڕایگەیاندووە، هەر دەستدرێژییەک لە هەمان ڕۆژدا سزای توندی دەبێت. جەختیشی کردەوە، تا لێدوان و هەڵسوکەوتەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئاڵۆزییەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکەن و گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیدا ناکرێتەوە.