لە کاتێکدا گرژییە سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن پەرەی سەندووە، قەیرانێکی نوێی سووتەمەنی ڕوو لە ئێرانی ئیسلامی دەکات و مەترسیی پەککەوتنی کەرتی وزە لەو وڵاتەدا گەورەتر بووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشت بە زانیاریی سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بەستووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییە توندەکان، یەدەگی بەنزین و سووتەمەنی لە کۆگاکانی ئێراندا تەنیا بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگی دیکە بەشی دەکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕاگرتووە کە داهاتی سەرەکیی حکومەت پێکهێنێت.
هاوکات، ئێران بەهۆی کەموکوڕی و سنوورداربوونی توانا ناوخۆییەکانی پاڵاوگەکانی، پێشتر ناچار بوو بەنزین لە دەرەوە هاوردە بکات، کە ئێستا بەهۆی توندتربوونی گەمارۆکانەوە ئەو ڕێگەیەش داخراوە.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتۆن هەفتەی ڕابردوو قۆناغێکی نوێی لە ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" دژ بە ئێران دەستپێکردووە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە، پهكخستنی تەواوەتیی سەرچاوەکانی داهاتی سوپای پاسداران و رژێمی ئێرانە تاوەکو ناچار بە گۆڕینی ڕەفتارەکانی ببن.