لە پاش کۆنگرەیەکی گەرم و پڕ لە چاوەڕوانی، پێنجەمین کۆنگرەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو و تیایدا سەرکردایەتییەکی نوێ بۆ قۆناغی داهاتووی پارتەکە هەڵبژێردرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووچە تیڤی، لەم کۆنگرەیەدا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵاری دووبارە بە کۆی دەنگ وەک هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە و نەخشەڕێگەی نوێی پارتەکەیان بۆ گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا ڕاگەیاند.
لە وتارێکیدا، تونجەر باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک بزووتنەوەیەک دەستپێشخەریی کۆماری دیموکراتیکان دەستپێکردووە و تەواوی ئامادەکارییەکیان تێدایە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
باکرهان ڕەخنەی لە هەڵە و کەمکوڕییەکانی ڕابردووی پارتەکەشی گرت و ڕایگەیاند کە ئەوان پێداگریی لەسەر «ڕێگەی سێیەم» دەکەن و نابنە پاشکۆی هیچ کام لە هاوکێشەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا.
لای خۆیەوە، تولای هاتیمۆغلاری ئاماژەی بە گرنگیی قۆناغی ئێستا دا و باوەڕی خۆی پیشان دا کە ئاشتی گەورەترین هێزی کۆمەڵگەیە و دەبێت بە هەر نرخێک بێت بەدی بهێنرێت. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە پارتەکەیان لە پێناو پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا لەسەر هێڵەکە بەردەوام دەبێت.