لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە پڕۆژەیاسای (بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی)، هەڵسەنگاندنی پارتە سیاسییەکان بەردەوامە. کۆبوونەوەکە بە گوتاری جونیەت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەی داد دەستی پێ کرد و دواتر عەبدولحەمید گوڵ، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی پڕۆژەیاساکەی خستە ڕوو.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کە دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی و پەیامی 27ی شوباتی عەبدوڵا ئۆجالان، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی سیاسیی تورکیادا کراوەتەوە.
فەتی یڵدز لە ناو کۆبوونەوەکەی لیژنەی داددا دەقی بانگەوازی 27ی شوباتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی عەبدوڵا ئۆجالانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، دوای ئەو پەیامەی ئۆجالان، ڕێکخراوەکە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی خۆی بڵاو کردەوە.
جێگری سەرۆکی مەهەپە دەربارەی پرۆسەکە و ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە گوتی: "لە ڕێوڕەسمێکدا چەکەکان سووتێندران و ئەمەش بووە قۆناغێکی نوێ، پاشان لیژنەی پەرلەمان پێکهێنرا و ئێستاش ئەم یاسایە ئامادە کراوە. ئەم یاسایە، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە لێبوردن یان بێسزا دەرچوون بدات، بۆ پاراستنی یەکێتی زۆر گرنگ بوو. هەروەها پشتڕاستکردنەوە و دەستنیشانکردنی ڕادەستکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی لەخۆ دەگرێت و سەروەریی یاسا لە تورکیا بەهێزتر دەکات. ئێمە وەک مەهەپە ئامادەین بۆ گەرەنتیکردنی برایەتیی هەزاران ساڵە، برا کوردەکانمان بەشێکی سەرەکین لە نەتەوەی تورک و ئێمە ئیتر نامانەوێت تەرم بخەینە سەر شانمان".
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکاندا، ئاڵۆزی و دەمەقاڵێش لە نێوان پەرلەمانتاراندا ڕووی داوە.