ئامادەکارییەکان بۆ گەڕانەوەی یەکەمین کاروانی ئاوارەکانی سەرێکانی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی. مەحموود جەمیل، گوتەبێژی لیژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 10ی ئاب، کاتژمێر 08:00ی بەیانی، یەکەمین کاروان لە کەمپی واشۆکانییەوە بەڕێ دەکەوێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، لە یەکەم کارواندا نزیکەی 600 بۆ 620 خێزان دەگەڕێنەوە. وەک هاوکاری بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەیان، بڕیار دراوە هەر خێزانێک هەزار دۆلاری پێ بپێدرێت، هاوکات گواستنەوە و دابینکردنی ئۆتۆمبێلیش بە تەواوی بێبەرامبەر دەبێت، کە تێچووەکەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە دابین کراوە.
مەحموود جەمیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە یەکەمین گروپی ڕێکخراوی ئاوارەکانە و هەر بە بەڕێکەوتنی ئەم کاروانە، دەستبەجێ ئامادەکاری بۆ کاروانی دووەم دەست پێ دەکات. پێشبینی دەکرێت کاروانی دووەم لە ماوەی 10 ڕۆژدا ئامادە بێت، بەو پێیەی دووریی نێوان سەرێکانی و حەسەکە تەنیا 80 کیلۆمەترە و بۆ قامیشلۆش نزیکەی 120 کیلۆمەترە، کە ئەمەش ڕێڕەوی گەڕانەوەکە ئاسانتر دەکات بەراورد بە ئاوارەکانی عەفرین.
شاری سەرێکانی و دەوروبەری لە تشرینی یەکەمی 2019 و دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، لەلایەن سوپای تورکیا و وپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوکاتی سوریا داگیرکرا، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاوڵاتیی کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە بۆ کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.