بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەک بەردەوامیی ئەو کاروانانەی پێشتر گەڕابوونەوە، بەشێکی دیکە لە کۆچبەرانی عەفرین لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەم کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کراوە، بەرەو عەفرین بەڕێ کەوتن.
سیامەند عەفرین، جێگری ئاسایشی گشتیی پارێزگای حەسەکە و مستەفا عەبدێ، ئەندامی تیمی سەرکردایەتیی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەم، یاوەریی ئەم کاروانەیان دەکرد.
مستەفا عەبدێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم بەشە، دواین کاروانی کۆچبەرانی عەفرینە کە دەگەڕێنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕێکار و هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانیش لە دوای پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی مینەکان جێبەجێ دەکرێن.
مستەفا عەبدێ ئەوەشی خستە ڕوو، کارەکانی کارپێکردن و بەردانەوەی ئاوی وێستگەی عەلۆک دەستیان پێکردووە، هاوکات دادوەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمدا چوونەتە دیمەشق و لەگەڵ وەزارەتی دادی سووریا کۆبوونەتەوە، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی کارەکانی فەرمانگەکانی ناسنامە و پاسپۆرت لە ماوەی داهاتوودا. چاوەڕوان دەکرێت ئەم کاروانە ئێوارەی ئەمڕۆ بگاتە عەفرین.