ڕاستەوخۆ

بڕیاری ڕاگرتن بۆ دامەزراندنی 165 پۆلیسی گشتیاری درا

reset font size increase font size

سەرەڕای بڕیاری پێشوو بۆ دامەزراندنی (پۆلیسی گەشتیاری) بە مەبەستی پاراستنی ناوچە گەشتیارییەکان، زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەی دامەزراندنی 165 دەرچووی بەشەکانی گەشتوگوزار لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیراوە و چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

بە گوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکان، پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە، کە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و ئەمنییەکانیان بڕیوە، لە لایەن سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕاگیراوە.

بڕیاربوو ئەو دەرچووانە وەک پۆلیسی گەشتیاری لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابمەزرێن بە مەبەستی پاراستنی ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان.

بە گوێری بەدواداچوونەکان، لە ڕێککەوتی 5ی شوباتی 2025دا، وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی ژمارە (4362) داوای لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی ئەو 165 کەسە بە شێوازی گرێبەست بدات، بەڵام لە وەڵامدا، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕێککەوتی 19ی شوباتی 2025 بە نووسراوی ژمارە (2449) وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەپێی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆسەی دامەزراندنەکە ڕاگیراوە.

پلەکان بە شێوەیەک بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کرابوون کە پشکی هەولێر 30 پلە، سلێمانی 30 پلە، دهۆک 25 پلە، هەڵەبجە 15 پلە، سۆران 20 پلە بووە و بۆ هەر یەکە لە ئیدارەکانی گەرمیان، ڕاپەڕین و زاخۆش 15 پلە تەرخان کرابوو.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، وردەکاریی دامەزراندنی ئەو کەسانە لای وەزارەتی ناوخۆیە و ئەوان سەرپەرشتیی پڕۆسەکەیان کردووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئامادە نەبووە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ڕاگرتنی بڕیارەکە بخاتە ڕوو.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.