زوبێر ئایدار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە نە لە دەستی کەجەکە و نە لە دەستی دەم پارتیدایە؛
بەڵام جەختی کردەوە کە بزووتنەوەکەیان پێشنیازەکانی خۆی بۆ ئەم یاسایە پێشکەشی عەبدوڵڵا ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا کردووە.
لە جاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی وەڵات (Welat)، زوبێر ئایدار دەربارەی یاسای چوارچێوە کەتێیدا باس لە ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی نوێی چارەسەری دەکرێت، ڕایگەیاند کە ئەوان ئاگادار نین ئایا ڕەشنووسەکە گەیشتووەتە دەست عەبدوڵڵا ئۆجالان یان نا؟
ئایدار ئاماژەی بە سەردانی چاوەڕوانکراوی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کرد بۆ ئیمراڵی و جەختی لە گرنگیی بەیاساییکردنی پرۆسەکە کردەوە.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای چوارچێوە دەبێت زەمینەیەکی بەهێز بۆ چارەسەریی کێشەی کورد بڕەخسێنێت و کۆسپەکانی بەردەم زمان، کلتور و ناسنامە لادات.
هەروەها داوای کرد دۆخ و ستاتۆی کارکردن و پەیوەندیکردنی ئۆجالان مسۆگەر بگوێزرێتەوە. ئایدار دەنگۆی جیاکاریکردن لە نێوان "کادیرانی بەڕێوەبەری" و "کادیرانی دیکە" لە یاساکەدا ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە یاسایەکی سەرکەوتوو دەبێت بە ڕەزامەندیی هەردوولا بێت و بە بێ جیاکاری تەواوی لایەنەکان بگرێتەوە.