تیمی پرۆژەی "هەژماری من" دوایین هۆشداری دەداتە ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا لە پرۆژەکەدا خۆیان تۆمار نەکردووە یاخود کارتە بانکییەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، و ڕایدەگەیێنێت کە تەنیا تاوەکو ڕۆژی 31ـی ئەم مانگە مۆڵەتیان لەبەردەستدایە؛
بەپێچەوانەوە مووچەکانیان ڕادەگیرێت. ئەمەش لەسەر بنەمای مەرجەکانی بەغدایە کە لە 1ـی ئەیلوولەوە دابەشکردنی مووچە بە شێوازی کاش کۆتایی دێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمی هەژماری من، هەرچەندە تاوەکو ئێستا 97٪ـی مووچەخۆران لە پرۆژەکەدا تۆمارکراون، بەڵام نزیکەی 2٪ بۆ 3٪ـیان هێشتا خۆیان تۆمار نەکردووە. هەروەها نزیکەی 130 هەزار کەس ماون کارتی بانکییەکانیان وەربگرنەوە، کە 80 هەزار کارتیان نێردراونەتە بانکە گشتییەکان و ئامادەن، 50 هەزاری دیکەش هەفتەی داهاتوو دەگەنە دەست بانکەکان.
لە دوایین ئاگادارکردنەوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەوانەی تاوەکو وادەی دیاریکراو نەچن بەدەم پرۆژەکەوە، جگە لەوەی بە هیچ جۆرێک تا کاتی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان مووچەیان پێ نادرێت، ڕەنگە ڕووبەڕووی ڕێکاری دیکەش ببنەوە؛
بۆیە داوا دەکرێت لەو چەند ڕۆژەی ماوە بەپەلە سەردانی بانکەکان بکەن.