بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە پێناو بەرپەرچدانەوەی گرانفرۆشی و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ، چاودێریی چڕ خراوەتە گەڕ و سزای توندی دارایی و یاسایی بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم، بە نووچە تیبڤی ڕاگەیاند، بەهۆی گۆڕانکاری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، ڕێکاری توند گیراوەتە بەر و ئەوانەی قۆرخکاری دەکەن یان نرخی کاڵا بە بێهۆکار گران دەکەن، ڕووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا که سزاکان لە سزای دارایی کە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 5 ملیۆن دینار دەگرێتەوە، لەگەڵ داخستنی شوێنەکە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، و لە کاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچیدا، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاشکرای کرد کە تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا تیمەکانیان سەردانی زیاتر لە 250 شوێنیان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ، و داوای لە هاووڵاتییانیش کرد کە لە کاتی بینینی گرانفرۆشیدا پەیوەندی بە چاودێریی بازرگانییەوە بکەن و بە بایکۆتكردنی کاڵا گرانەکان ببنە هاوکار لە بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەدا.