وەزیری پەروەردەی سووریا لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەولێر کرد بۆ ئەو میواندۆستی و هاوکارییە گەورەیەی کە پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەرانی سووریا کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پێشوازی لە محەمەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا و شاندێکی فرەوان کرد.
لەو دیدارەدا، جەخت لەسەر پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و سووریا کرایەوە، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و فێرکردن و بوارە هاوبەشەکانی دیکەدا.
وەزیری پەروەردەی سووریا ڕایگەیاند، لە قەیرانە قورسەکاندا هەرێمی کوردستان دەرگای بەڕووی سەدان هەزار ئاوارەی سووریادا واڵا کرد و باوەشی بۆ کردنەوە، بۆیە وەک حکوومەتی سووریا پێزانینی تەواویان بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییە هەیە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پەروەردەی سووریا پوختەیەکی دەربارەی هەنگاوە گشتگیرەکانی حکوومەتی وڵاتەکەی و ئەو کارانەی کە بۆ پەروەردە بە زمانی کوردی ئەنجامدراون، خستەڕوو.
لای خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و کارئاسانییەک دەربڕی، بەتایبەت لە کەرتی پەروەردەدا، و جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی گەورە بە پتەوکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان دەدات.