لە یەکەم جار لە مێژووی پەرلەمانی جەزائیردا، خەلیدە بوفەدێش توانی کۆتی دەیان ساڵە بشکێنێت و وەک یەکەم ژن لە مێژووی وڵاتەکەدا ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
ئەم هەڵبژاردنە مێژووییە دوای زیاتر لە شەست ساڵ لە سەربەخۆیی جەزائیر دێت، کە تێیدا بۆفەدێش بوو بە ١٢ەمین سەرۆکی پەرلەمان و سێیەم کەسایەتیی دەوڵەت لە دوای سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی.
سەرکەوتنی بۆفەدێش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢ی تەممووزدا، تەنیا ٢٥ ژن لە کۆی ٤٠٧ کورسیی پەرلەمان هەڵبژێردران، بە شێوەیەک کە ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنان لە پەرلەماندا تەنیا لە سەدا ٦دا دەمێنێتەوە، و ئەوەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پشکپشکێنەی (کۆتا).
ئەم پێشڕەوییە لەگەڵ کەمیی ژمارەی ژناندا، پێگەی سەرۆکە نوێیەی پەرلەمانی کردووە بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی.
لە دانیشتنی هەڵبژاردندا کە لەلایەن زۆرینەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانەوە پشتگیری دەکرا، خەلیدە بۆفەدێش کە پەرلەمانتاری پایتەخت و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی ڕزگاریی نیشتمانییە (FLN)، توانی ٣٠٢ دەنگ بەدەستبهێنێت و رکابەرەکانی تێپەڕێنێت.
لە بەرامبەردا، ئەمین عەلووش کاندیدی بزووتنەوەی کۆمەڵگا بۆ ئاشتی (MSP) تەنیا ٥٧ دەنگی بەدەستهێنا و ڕەشید حەسانی کاندیدی ڕێکخراوی چاند و دیموکراسی (RCD) ٧ دەنگی هێنا.
خەلیدە بۆفەدێش لە ٢٧ی ئایاری ١٩٨٢ لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا پزیشک و پسپۆڕی هەستیاری و بەرگریی نەخۆشییەکانە لە نەخۆشخانەی زانکۆی بێنی مەسوس.
ناوبراو جگە لە کاری پزیشکی، زیاتر لە بیست ساڵە لەناو ریزەکانی بەرەی ڕزگاریی نیشتمانیدا چالاکە و پێشتر چەندین پۆستی لە ئەنجومەنی شارەوانی و ئەنجومەنی پارێزگای جەزائیر هەبووە پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.