وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچە و تەرازووی مانگی حەوتدا لە بەغدا تەواو بووە و هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەماوە، لە کاتێکدا ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش پێشبینی دەکات پارەکە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بنێردرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە "نووچە تیڤی" ڕاگەیاند، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچە لە ناوەڕاست و خواروی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە کە ئایا پشکەکە بە سیستم و میکانیزمی "مەقاسە" دەنێردرێت یان نا.
لە لای خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی کورتهێنانی نەختینە (سیولە) بووەتەوە و لەگەڵ بوونی دوو ڕۆژ پشوو لەبەردەم دەزگا فەرمییەکاندا، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بڕی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
سەبارەت بە پرسی ١٢٠ ملیار دینارەکەش، کۆچەر ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر هەیە بەغدا دیسانەوە بە سیستم و شێوازی مەقاسە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بڕە پارە و داهاتی پێویستی لەبەردەستدا نییە.