هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند که پێگەی کورد لە ئیدارەی کەرکووکدا لاواز بووە و زۆرینەی پۆستە باڵاکان لەلایەن بەرپرسانی عەرەبەوە بەڕێوە دەبرێن، جەختیشی لەوە کردەوە که پێویستە ئەم هاوسەنگییە نادروستە ڕاست بکرێتەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی، هیوا ئەحمەد مستەفا ئاماژەی بەوە دا که پرۆسەی گۆڕانی دیمۆگرافیا و تەعریب لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە کەرکووک هێشتا بەردەوامە، "تا ئەو ڕادەیەی کە سوپا هێشتا ڕێگری لە جووتیارانی کورد دەکات لە کێڵکردنی زەوییەکانیان."
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو که لە سەردەمی پارێزگاری پێشوودا، ڕاکان جبووری، ٧٢ هەزار هاووڵاتیی عەرەب هێنراونەتە کەرکووک بە مەبەستی گۆڕینی سیما و پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکە، کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی ١٤٠ـی دەستوورە.
بەرپرسەکەی پارتی جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆی باڵا لەگەڵ بەغدا و هێزە سیاسییەکانی عەرەب کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی کورد و بەهێزکردنەوەی پێگەی سیاسیی کورد لە شارەکەدا.
لە کاتێکدا پارتی مانگی ڕابردوو بایکۆتی دوو ساڵەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی شكاند.