بەگوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاوی ئێران، بەهۆی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەواوە، بڕی بەفری سەر لوتکەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بە ڕێژەی ٤٧٪ کەم بووەتەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروست کردووە.
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ڕووبەری بەفری ناوچەکانی وەک زەردەکێوی بەختیاری، کە وەک گرنگترین سەرچاوەی ئاوی بۆ چەند پارێزگایەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەژمار دەکرێت، ڕووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاو بووەتەوە.
هۆکارەکانی ئەم دابەزینە بریتین لە پیسبوونی هەوا، درێژبوونەوەی وەرزی گەرما، و جێگرتنەوەی بەفر بە باران لە ناوچە بەرزەکاندا، کە بوونەتە هۆی توانەوەی خێراتری بەفر لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا.
جگە لە هۆکارە سروشتییەکان، گوشارە مرۆییەکانی وەک زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، بەکارهێنانی نادروست و زیاد لە پێویستی سەرچاوەکانی ئاو، هەڵکەندنی بیری بێمۆڵەت، و پەرەپێدانی بیناسازی و ڕێگەوبان لە ناوچە شاخاوییەکاندا، بارودۆخەکە ئاڵۆزتر کردووە و گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ئەم ژینگە سروشتییە.