وەزارەتی ناخۆی هەرێمی کورستان، بە نوسراوێک پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت کە ڕێکاری کرداری بۆ پاراستنی ژینگە بگرنەبەر و سەرپێچیکارانیش سزا بدرێن.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەرکی هەموو کەسێکە کار لەپێناو پاراستنی ژینگەدا بکات، هەر بۆیە لەکاتی گەشت و سەیراندا، پێویستە لەدوای خۆیان پاشماوەی گەشتەکە و زبڵ و خاشاک بەجێنەهێڵن.
ئەوەش هاتووە، هەر کەسێک پاشماوەی گەشت و سەیران بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر، کە سزاکەی لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
هەوەها داوایەکیش ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت، پارێزگاری لە سروشت بکەن، چونکە کەس مافی ئەوەی نییە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوە دەربازی ببێت.