ئاماده‌كردن/ ڕێبوار تۆفیق
بڕیاره ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعەکان كۆببنه‌وه و كاندیدی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی داهاتووی عێراق یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه بڵاویكردووەتەوە، دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی چوارشه‌ممه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه نه‌یانتوانی بگه‌نه ڕێككه‌وتن له باره‌ی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران، له‌و كاته‌وه تاوەکو ئێستا په‌یوه‌ندی و گفتوگۆكانیان چڕكردووه‌ته‌وه بۆ كۆتاییهێنانی ئه‌و پرسه.
مالیكی به نیازی چییه؟
ڕۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت، گفتوگۆ له نێوان نوری مالیكی و قه‌یس خه‌زعه‌لی و عه‌ممار حه‌كیم و هومام حه‌مودی كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان بڕه‌وێنرێته‌وه له‌سەر باسم به‌دری، به‌رپرسی نوسینگه‌ی مالیكی، به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌مریكییه‌كان ڤیتۆیان له‌سه‌ر به‌دریش هه‌یه، چونكه نزیكه له مالیكی.
ئه‌وه‌ی ڕوونه مالكی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه كه خۆی ناتوانێت ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات پۆسته‌كه له ژێر هه‌ژمونی خۆیدا بێت، ئه‌وه‌ش كرۆكی ناكۆكییهكانە.
سودانی و هه‌وڵه‌كانی بۆ خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران
ڕۆژنامهکە باس له‌وەش ده‌كات، دابه‌شبوون و ناكۆكیی توند له نێوان سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی هه‌یه له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران به تایبه‌تییش هه‌ندێكیان پشتیوانیی له محه‌مه‌د شیاع سودانی ده‌كه‌ن.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ش باس له‌وه ده‌كه‌ن سودانی، ده‌یه‌وێت خۆی پۆسته‌كه وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر خۆشی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌كه له ژێر هه‌ژمونی خۆیدا بمێنێته‌وه.
سیناریۆكانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه
ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، لایه‌نه‌كانی چوارچێوه ڕێکكهوتنیان كردووه لهسهركاندیدێك، به‌ڵام چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كان نه‌گه‌نه ڕێككه‌وتن له‌و پرسه‌دا كه پێشتر له‌سه‌ر ڕێككه‌وتبوون، كاندیدی براوه ده‌بێت ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێ واته له كۆی 12 ده‌نگ هه‌شت ده‌نگ به ده‌ستبێنێت، ئەگەرنا ئەوە ناوی كاندیده‌كان ده‌خه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانییه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه.
فشاره‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه
له دوای فشاره‌كانی ئه‌مریكا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه و گرتنه‌به‌ری چه‌ند ڕێوشوێنێك له ناویاندا ڕاگرتنی دۆلار، هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای له هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی كرد، چیتر كات به فیڕۆ نه‌ده‌ن و پابه‌ندی واده ده‌ستورییه‌كان بن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه و دیارییكردنی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران.
واده‌ی ده‌ستوریی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسه‌كه
له دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار له ڕۆژی 11ـی نیسانی 2026، ماوه‌ی 15 ڕۆژ له به‌رده‌م هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه بۆ ئه‌وه‌ی پرسی دیارییكردنی كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش ئه‌و واده ده‌ستورییه كۆتایی دێت.