ڕاستەوخۆ

ئیسرائیل: زانیاری هەواڵگریمان هەیە تورکیا دەیەوێت بوونی سەربازی لە سوریا فراوان بکات ئەمەش بۆ هێڵی سوورە

reset font size increase font size

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە زانیاریی هه‌واڵگرییان لەبەردەستدایە جەخت لەسەر بوونی پلانی تورکیا دەکەنەوە بۆ فراوانکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە ناو خاکی سوریادا.

 یەحیئێل لیتر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "i24 News" ڕایگەیاند، ئەو پلانەی ئەنقەرە بۆ فراوانکردنی هەژموونی سەربازی لە سوریا بە لای ئیسرائیلەوە "هێڵی سوورە"، بەڵام جەختیشی کردەوە کە تەلئەبیب "نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی" لەگەڵ تورکیادا هەبێت.

باڵیۆزی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوەی تورکیا پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنانەیە کە لە ڕێگەی ئیدارەی ئەمریکاوە لە نێوان ئیسرائیل و سەرۆکی  کاتیی سوریا ئەحمەد شەرع بەدەستهاتوون و دۆخی باڵادەستی یان لەو وڵاتەدا سڕ کردبوو. ئاماژەی بەوەش کرد ئەو تێگەیشتنانە لە کۆبوونەوەیەکی پاریس لە سەرەتای ئه‌مساڵدا بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا، تۆم باراک نێردەی ئەمریکا، و بەرپرسانی ئەمنی و موخابەراتی ئیسرائیل دووپات کرابوونەوە.

یەحیئێل لیتر ئاماژەی بەوە دا ئیسرائیل تێدەگات دیمەشق بەدوای ئاڵۆزی و جەنگدا ناگەڕێت و گوتی: "ڕوونە لامان  سورییەکان ئارەزووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێمە ناکەن، بەڵام زیاتر لە ئاماژەیەک هەیە کە ئەم هەنگاوەی تورکیا بەسەر سورییەکاندا سەپێندراوە." هەروەها جەختی لە ئامادەیی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوریا کردەوە.

باڵیۆزی ئیسرائیل سەبارەت بە تورکیا گوتی: "لەکاتێکدا تورکیا  بەردەوامی دەدات با جێکردنەوەی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵا و ناردنی پارە بۆیان  ، ڕەوا نییە هەژموونی لە سوریا و لوبنان فراوان بکات، تورکیا لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت ببێتە هێزێک بۆ هێورکردنەوەی ناوچەکە."

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە بنکەی ئاسمانیی "ئەبو زهور"ی لە سوریا بۆردومان کرد بە هۆکاری ڕێگری لە جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا. لە بەرامبەردا ئەنقەرە بوونی هەر هێزێکی لەو بنکەیەدا ڕەتکردەوە، هەروەک ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاش ڕایگەیاندبوو کە هیچ پلانێک بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازیی تورکیا لە ئەبو زهوور لە ئارادا نییە و شوێنەکە لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوریاوە نۆژەن دەکرێتەوە.

Rebin Karim

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.