عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا پێشوازی لە دەرچوونی یاسای چوارچێوە کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەروازەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە وڵاتەکەدا دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا گول لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو یاسایەی ئەمڕۆ بە پەسندکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، یەکێکە لە بابەتە هەر گرنگەکانی مێژووی کۆماری تورکیا و دەروازەیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردن دەکرێتەوە.
سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا پیرۆزبایی لە سەرکردە سیاسییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کردووە بە بۆنەی ئەم هەنگاوە "بوێرە"وە، هەروەها دەستخۆشی لەو دەسەڵات و فەرمانبەرە دەوڵەتییانەش کردووە کە لە پشت پەردەوە زەمینەیان بۆ ئەم ڕێککەوتنە ئامادە کردووە.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، گول هیوای خواستووە کە ئەم یاسایە ببێتە خێر بۆ تورکیا و جەختی کردووەتەوە کە ئەو هەمیشە باوەڕی بەوە هەبووە شتی باش روو دەدەن.